ئەم بابەتە بۆی زیاد کراوە و پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە وتارێکەوە بە زمانی ئینگلیزیی کە یەکەم جار لە گۆڤاری ئادی لە تەموزی ٢٠٢٥ بڵاو کراوەتەوە، ئینکاونتەرز بە ڕووخسەت وەرگرتن وەریگێڕاوە و چاپیکردۆتەوە.
پێشەکی
ئەم وتارە لە غەززەدا نوسراوە، لە شوێنێکدا کە خودی ژیان ڕۆژانە وەردەگێڕدرێت بۆ زمانی مانەوە. نوسین و وەرگێڕان لەژێر گەمارۆدا بە واتای نیشتەجێبوونە لە ژیانێکی دوولایەنەدا: ژیانێک لەناو وێرانە و کەمدەرامەتیی و توندوتیژیی بێوچان، ئەوەی تریش بەردەوامییدانە بە ژیانێک لە وشەکاندا کە کۆششێکیشە بۆ پەڕینەوە لە سنورەکان و گفتوگۆکردنە لەگەڵ خوێنەرێکی نەبینراودا. لە ئەم بەستێنەشدا، وەرگێڕان کەمتر وەک کاری میکانیکییە و زیاتر وەک جۆرێک لە گەواهیدان وایە، وەرگێڕان وەک ئامادەبوونێکی ئەخلاقییانەیە کە سۆراغ دەکات، هەرچەندە سەرکێشییە، بۆ گواستنەوەی ئەو دەنگانەی کە بە بۆردومانکردن خامۆش دەکرێن بۆ ئەو شوێنانەی کە پێشوازییان لێ دەکرێت.
کاتێک کە یەکەمجار ئەم تێڕامانانەم نوسی، چاوەڕێم نەدەکرد وەها گەشتێک ئەنجام بدەن. ئێستا دەبینم کە تێڕامانەکانم بۆ زمانەکانی چینی، هۆڵەندی، فەرەنسی، ئەڵمانی، یۆنانی، عیبری، ئیتاڵی، کۆری، کوردی، نەرویجی، فارسی، ڕۆمانی، ڕوسی، ئیسپانی، ئورد و عەرەبی وەرگێڕدراون جێگای خۆیەتی بیرتان بهێنمەوە کە زمان- بە پێچەوانەی خەڵکەوە- ناتوانرێت گەمارۆ بدرێت. وشەکان زیندان ناکرێن. وشەکان بە ئازادییەکی پێشبینی نەکراوەوە دەجوڵێن، بۆ بەیەکەوەبەستنێکی تەنک بەڵام بنچینەیی پردەکان لە نێوان جوگرافیا دابەشکراوەکاندا.
ئێستا ئەم تێبینییە لە ئیرلەنداوە دەنوسم، کە ژینگەیەکی ئێجگار جیاوازە، بەڵام وتارەکە لە هەناوی وێرانە و یادگارییە سەختەکانی غەززەدا دەمێنێتەوە. ئەم وتارە بە تەنها باس لە ئەزمونی خودی خۆم ناکات بەڵکو باس لە دۆخێکی گشتی دەکات: وەرگێڕ وەک گەواهیدەر، کە ناچارە سۆراغی نێوان برینەکان و وشەکان بکات، کە ناچارە سۆراغی نێوان وەرنەگێڕدراو و ئەوەی ڕیشەییە بۆ وەرگێڕان بکات.
کەوابوو ئەم پارچە نوسراوە پێویستە بخوێنرێتەوە، نەک تەنها وەک ژیاننامە یان ڕیپۆرتاجێک، بەڵکو وەک بەدواداچوونێک بۆ سیاسەتەکانی زمان لە سەروبەندی نەهامەتییدا. وتارەکە پرسیار دەکات ئاخۆ گواستنەوەی واتا لە خاکە دابەشکراوەکاندا مانای چییە، ئاخۆ وەرگێڕان دەتوانێت خزمەت بکات، هەرچەندە مەرجداریشە، وەک جۆرێک لە بەرخۆدان دژ بە زیندانکردن و وەک جۆرێک لە قەڵغان بۆ بوونی مرۆڤ.
وەرگێڕ وەک شاهیدێک بۆ جیهانگەلێکی بەرەو وێرانە
بوون بە وەرگێڕی فەڵەستینی بە واتای بوون بە نێوەندگیرە لە نێوان جیهانێکدا کە خەریکە وێران دەبێت، جیهانێکیش کە ڕەتی دەکاتەوە دان بە مەترسی ئەو وێرانەیەدا بنێت. بوون بە وەرگێڕ واتە هەڵگرتن و گواستنەوەی دەنگەکان بەناو تاریکییەکی خامۆشکراودا؛ واتە بە قاچاغبردنی پەیامەکان لە پشتەوەی بەربەستی زمانەوانیی و پشێویی سیاسییدا؛ واتە ڕەتکردنەوەی سڕینەوەی دیرۆکی خەڵک بە جەخت کردنەوە لە ئەوەی کە وشەکان نامرن کاتێک کە خەڵک دەمرن. وەرگێڕ تەنها وشەکان تۆمار ناکات- بەڵکو زیانەکان ئەرشیف دەکات، سڕینەوەکان دۆکیومێنت دەکات، هەروەها هەوڵ دەدات بۆ گەیاندنی لاوازترین چرپەی گەواهیدان بە ئەو خەڵکەی کە لە دەرەوەی جیهانی گەمارۆدراودا دەژین.
لە ئەمڕۆی غەززەدا، وەرگێڕان بە تەنها مەشقێکی ڕۆشنبیری نییە. وەرگێڕان ئامڕازێکە بۆ مانەوە و چەکێکە دژ بە لە بیر چوونەوە. وەرگێڕان لە غەززەوە تەنها بۆ تۆماری زنجیرەی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو بۆ ئەوەشە تۆماری چرکەساتی ژیانی ڕۆژانەی پێ بکرێت کە جەنگ لەناوی دەبات: وەرگێڕان بۆ تۆمارکردنی بۆنوبەرامی پرتەقاڵێکی گەشاوەیە پێش هێرشی ئاسمانیی، بۆ تۆمارکردنی دەنگی مەلابانگدانە بە ئاسمانی شارەکەدا کە دەکرێت سەرلەبەیانی سەداکەی بزر بێت، بۆ تۆمارکردنی دەنگی منداڵێکە کە لەناو پۆلدا شیعر دەخوێنێتەوە کە ڕەنگە تۆزێکی تر دەنگی کپ بکرێت. ئەم وردەکارییانە بەرخۆدانە دژ بە ئەو گەمارۆ نامرۆییانەی سەر غەززە، ڕەتکردنەوەی ئەوەیە کە بیەوێت غەززە تەنها وەک ئازارێکی موجەڕەد بمێنێتەوە. وەرگێڕان تەنها پرۆڤەیەکی ڕووناکبیرانە نییە. کەرەستەیەکە بۆ مانەوە و چەکێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەناوچوون.
ۆڵتەر بنجامین لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "ئەرکی وەرگێڕ" پێی وایە وەرگێڕانی ڕاست، نەمریی بە تێکستەکە دەدات- نەک تەنها واتا بگوازێتەوە، بەڵکو تەقەلاش دەکات تێکستە ڕەسەنەکە بمێنێتەوە. بەڵام نەمریی بە واتای چیی دێت، کاتێک کە ڕەسەن لەژێر وێرانەدا بنێژرێت؟ کاتێک شاعیر دەکوژرێت؛ کاتێک خانووەکان تەفروتونا دەکرێن؛ کاتێک کە نوسەری تێکستەکە ڕەنگە لە ژیاندا نەمێنێت بۆ بینینی وشەکانی لە زمانێکی تردا؟ بۆ وەرگێڕە فەڵەستینییەکان، ئەم پرسیارانە پرسیاری تیۆریی نین. بەڵکو پرسیاری هەنوکەیی و گرنگ و بەردەوامن. ئەو چیرۆکانەی وەریان دەگێڕم لە ئەرشیفەوە سەرچاوە ناگرن. ئەو چیرۆکانە لە پاشماوەی وێرانکراوی ماڵەکانەوەیە، کە لە ماوەی نێوان هێرشە ئاسمانییەکاندا نوسیومن، لە زاری ئەوانەوە وەرگیراون کە ڕەنگە لە ژیاندا نەمێنن بۆ ئەوەی جارێکی تر بیانگێڕنەوە.
خەڵک لە هەموو جیهاندا هەمیشە داواکارییان ئەوە بووە ژیانی فەڵەستینییەکان وەربگێڕدرێت پێشئەوەی گوێبیستیان بن. ئەوەش بۆ دایکێکی فەڵەستینی، کە هاوار بۆ ناوی منداڵەکەی دوای هێرشی ئاسمانی دەکات، هەرگیز کیفایەت نییە؛ پێشوەخت دەبێت میحنەتی ئەو دایکە ساڕێژ بکرێت؛ چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەکیش ئامادە بکرێت بۆ جیهانێک کە چیرۆکە تراجیدییەکان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتە مرۆییەکان و سەردێڕی هەواڵەکان بە پاسیڤی لە قاڵب دەدات. بەڵام دەزانم چیی ڕوودەدات کاتێک کە چیرۆکەکان لە فۆڕمە ڕەسەنەکانیاندا فەرامۆش دەکرێن، هەروەها دەزانم چیی دەبێت کاتێک کە وەرگێڕانی چیرۆکەکان سەخت دەبن. ئەو چیرۆکانە فەرامۆش دەکرێن. ئەو چیرۆکانە زۆر هەنوکەیین، زۆر لەناکاون، هەروەها دەبنە مایەی نائاسودەبوونی خەڵکی تر. خەڵک هەمیشە ئەو چیرۆکانە هەڵدەبژێرن کە دەبنە مایەی دابینکردنی هەستی سەقامگیریی نەک ئەو چیرۆکانەی کە دەبنە مایەی نائاسودەییان. هەربۆیە، وەرگێڕان نەک تەنها دەبێت بە پێویستییەک بەڵکو دەبێت بە جەنگێکی ئاکاریی: وەرگێڕان بۆ ئەوەیە زمانێک بدۆزیتەوە کە بەرپەرچی لەناوبردن و دەستەمۆکردن دەداتەوە، کە ئەمەش وا دەکات ئازار سانسۆر نەکرێت، لە کاتێکیشدا دڵنیامان دەکاتەوە کە وەرگێڕانەکە بەربەستە زمانەوانییەکان تێدەپەڕێنێت کە هەر ئەو بەربەستە زمانەوانییانەشن بڕیار دەدەن چ ئازارێک دانیپێدا دەنرێت و چ ئازارێک فەرامۆش دەکرێت.
ئەو گرژییانەم، لە کاتی وەرگێڕانی هەموو ئەو چیرۆکانەدا، هەست پێ کردووە. لە پرۆژەی کتێبێکی هاوبەشدا بۆ عەرەب-لیتArabLit، کارم لەسەر وەرگێڕانی تێکستێکی موحەمەد تەیسیر کرد بە ناونیشانی "نەوڕەسەکان لە چاوەڕوانیی ئەو کەنارەی کە هەرگیز ناگات"، (نوارس تنتظر شاطئًا لا يصل) کە چیرۆکی پیاوێکی ئاوارەکراو دەگێڕێتەوە تەماشای کچێکی بچوک دەکات لە ئامێزی دایکیدا لە بەشی سەکنی پێشەوەی بارهەڵگرێکی ئاژەڵ گواستنەوەدا، کچەکە قژی بە گوڵی بچوک ڕازاوەتەوە. لە تێکستەکەدا بە زمانی عەرەبی، چاوە شینەکانی کچەکە "دەگەشایەوە" کە ئەمە ناسکییە، ئاماژەیەکیشە بۆ چرکەیەک لە جوانی وەستێنراو کە بە دوکەڵی کوشندەی بزوێنەری بارهەڵگرەکە تێک دەشکێندرێت. لە وەرگێڕانی ئەو دیمەنەدا دوودڵ بووم. وەرگێڕانی ئەو دەستەواژەیە بۆ زمانی ئینگلیزی سەخت بوو. لە زمانی عەرەبییدا، دیمەنەکە ڕوون بوو: عەززییەکەی، منداڵەکە، ئاییندە. هەموو شتێک سەبارەت بە ئەو دیمەنە ڕێگری کردن بوو بۆ گەشانەوەی ئەو چرکەساتە. لە ئینگلیزییدا، ئایا دەمتوانی متمانە بە خوێنەر بکەم هەست بە وردەکاریی ئەو دیمەنە بکات؟ یان تەنها چاوێکی پێدا دەخشێنن، هەروەک چۆن خەڵک تەنها چاوێک بە تراجیدییەکاندا دەگێڕن کاتێک خۆیانی تێدا نەبن.
چۆن وەرگێڕ بتوانێت میحنەت بۆ زمانێک تر بگوازێتەوە کە وا ڕاهێنراوە ئەو میحنەتە وەلا بخات؟ چۆن وەرگێڕ بتوانێت چیرۆکی ڕاستەقینەی ماڵێکی خاپور کراو بۆ فەرهەنگی جیهانێک بگوازێتەوە کە ماڵ وێرانکردن تیایدا ئاسایی کراوەتەوە؟ هەر زمانێک سنورێکی هەیە، بەڵام زمانی ئینگلیزیی- بە تایبەت زمانی ئینگلیزیی میدیا بەناوبانگەکان و لێدوانە دیبلۆماسییەکان- بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ئازاری فەڵەستینییەکان لە ئەنجامدەری تاوانەکە دوور بخاتەوە، کە کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان بچوک و کورت دەکاتەوە بۆ "تەقینەوەی کاتی" هەروەها گەمارۆدان دەگۆڕێت بۆ "ڕێوشوێنی سەلامەتیی". وەرگێڕانی کارەساتی غەززە بۆ ئەم جۆرە زمانە وەک جەنگێک وایە دژ بە ئەو پێکهاتە زمانەوانییەی کە وا دیزان کراوە حەقیقەت تەڵخ بکات. ئەمەش ئەو دۆخە تاراوگەنشینییەیە کە وەرگێڕە فەڵەستینییەکانی تێدایە: بوونە لە نێوان دوو جیهاندا، کە سەر بە هیچ جیهانێکیشیان نین.
تەنانەت کاتێک وەرگێڕان دەکەم، دەزانم خودی زمان تاراوگەنشینە. وەرگێڕ لە نێوان زمانی عەرەبی- کە زمانی غەمگینی و سۆزە و وەرگێڕانی دژوارە بۆ زمانەکانی تر- زمانی ئینگلیزی کە زمانی دیبلۆماسییەت و دوورەپەرێزیی و بەڕوونیی پۆڵێنکردنی توندوتیژی دایە. لە زمانی عەرەبییدا، قەبارەی کارەساتەکە دیارە. دایک بە تەنها منداڵ لەدەست نادات؛ بەڵکو ئەو دایکە دەردەدار کراوە، ڕووخێنراوە، بێ هیوا کراوە. بەڵام لە زمانی ئینگلیزییدا، لەدەستدان هەستێکی پاسیڤە، ڕووداوێکی پزیشکییە- شتێکە هەروا بەئاسانی ڕوودەدات. لە زمانی ئینگلیزییدا، بۆمبەکە لە خانووەکە دەدات، خانووەکە دەڕووخێت، منداڵەکە دەکوژرێت وەک ئەوەی کەس بەرپرسیار نەبێت. کردەی وەرگێڕان واتە بجەنگیت دژ بە ئەو جۆرە پێکهاتە زمانەوانییە- وەرگێڕان واتە وەستانەوە دژ بە داگیرکاری، هەروەها گەڕاندنەوەی بەرپرسیارێتیی بۆ ئەو کەسانەش کە کارەسات دروست دەکەن لە ئەو ڕستانەدا کە دیزاین کراون بەرپرسیارێتییەکان بسڕنەوە.
ئاکاری وەرگێڕانی جەنگ
وەرگێڕان هەمیشە کردەیەکی ناپاکانە بووە. ئەو دەستەواژە ئیتاڵییەی کە دەڵێت "وەرگێڕ ناپاکە" وای دەبینێت لە وەرگێڕاندا هەمیشە بەشێک لە واتا لەدەست دەچێت، هاوشانی شێواندنی واتا لە کردەی گواستنەوەدا لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر. بەهەمان شێوەش، لە وتاری "ئەرکی وەرگێڕ"، ۆڵتەر بێنجامین قسە لەسەر وەرگێڕان دەکات وەک پرۆسەیەک کە بەپێی پێویست تێکستە ڕەسەنەکە دەگوازێتەوە بە شێوەیەک کە واتا هەروا بەئاسانی نەگوازراوەتەوە بەڵکو واتاکە بنیات دەنرێتەوە و لێکدەدرێتەوە و دادەڕێژرێتەوە. بەڵام بۆ وەرگێڕە فەڵەستینییەکان، مەترسییەکانی ناپاکی لە وەرگێڕاندا گەورەترن: وەرگێڕان دەبێت بە مەیدانی جەنگی مانای وشەکان، وەرگێڕان دەبێت بە دانوستانێکی دژوار کە تیایدا هەر وشەیەک دەبێت بە بەرداشێکی ئاکاریی و هەر ڕستەیەکیش دەبێت بە وەستانەوە دژ بە دەسەڵات. ئەو ناپاکییەی کە لە هەناوی وەرگێڕاندایە چیی دیکە تەنها پرسێکی جوانیناسییانە یان وەفادارییانە نییە، بەڵکو وەرگێڕان دەبێت بە پرسێک بۆ مانەوە.
وەرگێڕانی بابەتگەلی تایبەت بە غەززە تەنها ئەوە نییە بە دوای وشەی دروستدا بگەڕێیت، بەڵکو گەڕانیشە بە دوای گوێیەک بۆ بیستن. وەرگێڕە فەڵەستینییەکان لە ناوەندێکی دژواردا کار دەکەن- لە نێوان ڕاستییەکی هەنوکەیی و گوتارێک لە جیهانێکی قەتیسکراودا کە ئامادە نییە گوێ بگرێت. کیفایەت نییە وەرگێڕانەکە ورد و ڕاست بێت، بەڵکو میحنەت دەبێت بە شێوەیەک ڕەنگڕێژ بکرێت کە بتوانێت بە ناو جیهانێکدا گوزەر بکات کە خۆی ڕاهێناوە تەماشا نەکات. وەرگێڕان بە تەنها باسی گواستنەوەی زمانەوانیی نییە. وەرگێڕان کردەیەکە ئارامگرتنی دەوێت؛ وەرگێڕان کردەیەکی بەرەنگارییانەیە. ئەرکی وەرگێڕ تەنها دۆزینەوەی وشەکان نییە، بەڵکو پاراستن و گواستنەوەی وێرانکارییە بەبێ ئەوەی ڕێگا بدەیت ئەو گواستنەوەیە زەوت بکرێت- واتە ڕێگاگرتنە لە ئەو توندوتیژییە ماڵوێرانکەرەی کە تەنها وەک خوازەیەک وەرگێڕانی بۆ بکرێت، یان وەرگێڕان ئەوە بێت مەرگی منداڵێک تەنها وەک ئامارێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. وەرگێڕان لە ئەم دۆخەی غەززەدا دەبێت بە فۆڕمێک لە بەرخۆدان: وەرگێڕان ڕێگایەکە بۆ هەڵگرتن و گواستنەوەی یادگە بۆ جیهانێک کە پەرۆشە ڕووداوەکانی بیر بچێتەوە! وەرگێڕان پێداگرییە کە تەنانەت ئەگەر ئازارەکانی تێکستەکە ڕەسەنەکەش وەرنەگێڕدرێت، پێویستە ئەو دەنگە هەر بگات بە شوێنی مەبەست.
ژمارەیەکی کەمی خەڵک لە ئەو بارگرانییەی سەرشانی وەرگێڕ تێدەگەن بەڵام کۆچکردوو ڕەفعەت ئەلعەرعیر، شاعیر و پرۆفیسۆر و سەرنوسەر کە ژیان و کارەکانی نمایندە بوون بۆ ڕەتکردنەوەی بێدەنگی، لە ئەم ئەرکەی وەرگێڕ لە نزیکەوە ئاشنا بوو. ئەلعەرعیر، کە ڕابەرایەتی دەنگی ئەدەبی خەڵکی غەززەی دەکرد، بە تەنها نوسەرێکی لەڕادەبەدەر حەقبێژ نەبوو، بەڵکو پاسەوانی ئەو دەنگانەش بوو کە بە تەمی شەڕ و بە سانسۆری میدیا خامۆش دەکران. لە بەرهەم بەناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی "غەززە بە نوسین وەڵام دەداتەوە"، ئەلعەرعیر چیرۆکەکانی غەززەی تەنها بۆ ئەوە کۆنەدەکردەوە وێنەیەکی ناسک پیشان بدات یان بیەوێت سۆزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕابکێشێت. بەڵکو شتێکی مەترسیدارتری پێشکەش کرد، ئەویش: زمانی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە. ئەو نوسەرانەی کۆیکردنەوە تەنها بۆ وەرگێڕانی خەمی کەسی خۆیان نەبوو بە مەبەستی ئاسودەکردنی کەسانی تر؛ بەڵکو ئەو نوسەرانە داوای پانتاییەکی گێڕانەوەیان دەکرد کە زۆر دەمێک بوو لێیان قەدەغە کرا بوو. چیرۆکەکانیان ڕەتکردنەوەی ئەو وشانە بوو کە ڕێکخراوە مرۆییەکان بەکاریان دەهێنان، کە ئاخنرابوون لە وشەگەلی پاسیڤ و سەلامەتی هەڵخەڵەتێنەرانە. ئەو نوسەرانەی ئەلعەرعیر کۆیکردنەوە چیرۆکەکانیان بە زمانی موجەڕەد نەدەگێڕایەوە، بەڵکو بە زمانێکی قسەلەڕووانەی پێویست: بە زمانێک کە پیشانی دەدا چۆن خانووەکان بۆمباران دەکرێن کاتێک کە منداڵان نوستوون، بە زمانێک باسی عاشقانی دەکرد چۆن خاڵەکانی پشکنین لە یەکیان دادەبڕین، بە زمانێک کە گوزارشتی لە ئەو خەونانە دەکرد کە بە ئاگری درۆن لەبار دەبران. ئەرکی سەرنوسەر ئەلعەرعیر ئەوە نەبوو ئازاری غەززە بڕازێنێتەوە یان بگەڕێت بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی لە ڕێگەی خوازەوە. لەجیاتی ئەوە، کاری سەرنوسەر، ئەلعەرعیر پێداگری بوو لەسەر قسەکردن بە ڕەوانی، تۆمارکردن بوو بەبێ شێواندن، هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو چاوەڕوانییە بوو کە میحنەتی فەڵەستینییەکان بە شێوەیەک دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک لێی تێ بگات. باوەڕی ئەلعەرعیر ڕوون بوو: نوسەرە فەڵەستینییەکان پێویست ناکات حەقیقەتەکانی ژیانیان وەربگێڕن بە شتێک پەسەندتر بێت، بەڵکو دەبێت دەنگی فەڵەستینییەکان وەک خۆی بگات. سەربوردەی فەڵەستینییەکان تەنها داتای دەست لێ نەدراو نەبوون بۆ گەنگەشەی سیاسی یان بۆ بەدەستهێنانی بەزەیی مرۆیی؛ بەڵکو سەرگوزەشتەکانیان وێژە بوون، هەنوکەیی بوون، نکۆڵی لێ نەکراو بوون.
ئەوەی وای کرد بەرهەمەکانی ئەلعەرعیر بەهادار بن ئەوە نەبوو کە غەززە باشتر ببینرێت لەسەر ئاستی جیهان؛ بەڵکو ئەوە بوو بە بەرهەمەکانی وای کرد نەتوانرا غەززە وەلا بخرێت. گێڕانەوەکانی داوای ئەوەیان نەدەکرد بەپێی بەندوبەستی بیانی پێشوازییان لێ بکرێت. بەڵکو چیرۆکەکانی داوای ئەوەیان دەکرد وەک خۆیان بخوێنرێنەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش بوو، ئەلعەرعیر بە ئامانج کرا. تیرۆرکردنی ئەلعەرعیر بە تەنها کوشتنی نوسەر و پەروەرشیارێکی ئەزیز نەبوو. بەڵکو تیرۆرکردنەکە لێدان و بە ئامانجگرتنێک بوو دژ بە خودی زمان- هەوڵێکی بە ئەنقەست بوو بۆ قەڵاچۆکردنی دەنگی ئەو خەڵکەی کە ڕەتی دەکەنەوە بێدەنگ بکرێن. بەڵام بەرهەمەکانی ئەلعەرعیر نەمرن. هەر دێڕێکی وەرگێڕدراو، هەر لاپەڕەیەک بۆ تێپەڕاندنی گەمارۆدان، هەر ڕستە و پەڕەیەک هەڵوێستێکی جەربەزانەیە دژ بە لە بیر کردن. نەک تەنها دژ بە لە بیر کردن- بەڵکو دژ بە ئەو کۆتوبەندانەش کە زۆر دەمێکە فەڵەستینییەکانیان پێ ناچار کردوون پێیانەوە پابەند بن.
مەترسییەکانی وەرگێڕان دەچنە دەرەوەی سنورەکانی غەززە و فەڵەستینەوە- دەچنە سنوری کێشمەکێشمەکانی نێوان داگیرکراو و دەرکراوەوە، کە تیایدا هەمیشە زمان دەبێتە نێوەندێک بۆ بەربەرەکانێ. ڕۆشنبیری فەڵەستینی ئیدوارد سەعید لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی "تێڕامانەکان لە تاراوگەنشینی" پێی وایە کە تاراوگە بە تەنها دۆخی ئاوارەیی نییە، بەڵکو "ئاگاییەکی هەمەجۆرە": دۆخێکی بوونە کە تیایدا مرۆڤ ئاوێزانی چەند جیهانێکی هەمەچەشن دەبێت، لە لایەکەوە هەستەکانی هەڵپەسێردراون لە دۆخێکی دژواردا بۆ نیشتیمانێکی لەدەستچوو، لەلایەکی ترەوە پێویستیی بە دەربڕینی ئەو لەدەستچوونەیە بە زمانگەلێک کە زمانی خۆت نین. وەرگێڕە فەڵەستینییەکان گرفتاری هەمان ئەو دۆخە پەژارەن، گیرۆدەی مانەوەن لە ئەو نیشتیمانە دابەشبووەدا.
وەرگێڕان تەنها تۆمارکردنی لەدەستدان نییە؛ بەڵکو کردەی بەدەستهێنانەوەشە، کردەی ڕەتکردنەوەی ڕێگەدانە بە قۆرغکردنی زمان لەلایەن داگیرکارەوە. بەرهەمی وەرگێڕان- بە تایبەت لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی- لە بنەڕەتەوە کردەیەکی سیاسییە چونکە وەرگێڕان ئەو پلەبەندییە زمانەوانییە تێکدەشکێنێت کە ئەوە قۆرغ دەکات کام دەنگ بگات و کام دەنگ کپ بکرێت. شیعرەکانی مەحمود دەروێش، کاتێک وەردەگێڕدران، بە تەنها ئازارەکانی فەڵەستینییەکانی بۆ شانۆی جیهانی ئەدەب نەدەگواستەوە، بەڵکو بە شیعرە وەرگێڕاوەکانی بەرەنگاری ئەو هێزانەی دەکرد کە تەقەلایان دەکرد بۆ قەتیسکردنی ناسنامەی فەڵەستینییەکان. لە شیعری "زەویی دژ بە ئێمە فشار دەکات" دا، مەحمود دەروێش دەپرسێت "ئێمە بۆ کوێ بڕۆین لە پاش دوا سنور؟" ئەمە پرسیارێکە کە وەک تارمایی خەڵکی ئاوارەبوو ڕاو دەکات، پرسیارێکە هەر تاراوگەنشینێک، کە بوونی بە ئەو سنورانەوە بەسراوەتەوە کە خۆی هەڵی نەبژاردوون، ڕاو دەنێت. وەرگێڕ لە وەرگێڕان و گواستنەوەی پەیڤەکان بەناو زمانەکاندا جەخت دەکاتەوە کە ئەو پرسیارە بەبێ وەڵام دەمێنێتەوە و بەردەوامیش سەدای هەیە، پرسیارێکە کە جیهان بە وەڵامدانەوەیەک ناچار دەکات کە بەلایەوە وا پەسەندە پشت گوێی بخات.
بەڵام جۆرێک لە بەرخۆدانی شاراوە لە ئەم کۆششەدا هەیە. خودی کردەی وەرگێڕانی سەرگوزەشتەی فەڵەستینییەکان بۆ زمانی ئینگلیزی- کە زمانی داگیرکاری فەرمانڕەوای پێشوو و دەزگا میدیاییەکانی داگیرکاری ئیسرائیل بە "ناکۆکی" ناوی دەبەن، هەروەها زمانێک کە زۆر دەمێکە وەک ئامڕازی دەستی ئیمپراتۆرییەت بەکارهاتووە- پرسیارگەلێکی دژوار دەهێنێتە ئاراوە. ئایا زمانی چەوسێنەر دەتوانێت هەموو حەقیقەتی چەوسێنراو لەخۆ بگرێت؟ ئایا زمانی ئینگلیزی قووڵایی میحنەتی فەڵەستینییەکان کاڵ دەکاتەوە، لە پێویستی هەنوکەیی بوونی کەم دەکاتەوە، یان وای لێ دەکات بێ ناوەڕۆک بێت؟ گوگی وا ثیەنگی توێژەر لە توێژینەوەیەکیدا بە ناونیشانی "ڕزگارکردنی مێشک لە داگیرکاری"دا پێی وایە زمان بێ لایەن نییە، هەربۆیە نوسین بە زمانی داگیرکار واتە بجەنگیت لەناو پێکهاتەی زمانێکدا کە دیزاین کراوە بۆ شێواندن و ستەم کردن. لەبەرئەوە وەرگێڕە فەڵەستینییەکان پێویستە لە جەنگێکی بەردەوامدا بن: بۆ داڕشتنەوە و ڕەنگڕێژکردنەوە و دزەپێکردنی واتاگەلێک لە ڕێگەی درزەکانی زمانی داگیرکارەوە، زمانێک کە هەرگیز بڕیار نەبووە هەڵگری ئەو شێواندن و ستەمکردنە بێت.
بەرداشی وەرگێڕ: کێ گوێ دەگرێت؟
بەسوێترین پرسیار کە لە خۆمی دەکەم ئەوە نییە ئاخۆ بۆچیی وەرگێڕان بکەم، بەڵکو ئەوەیە ئاخۆ کەس گوێ دەگرێت؟ کە وەرگێڕان ئەنجام دەدەم، بیر لە ڕۆمانی "دەروازەی خۆر"ی ئیلیاس خۆری دەکەمەوە، کە تیایدا گێڕەرەوە قسە لەگەڵ پیاوێکدا دەکات کە لە کۆمادایە، چیرۆکی فەڵەستینی بۆ دەگێڕێتەوە وەک ئەوەی خودی وشەکان خۆیان بتوانن ژیانی بۆ بگێڕنەوە. ئەمە ئەو هەستەیە کە وەرگێڕان دروستی دەکات- قسەکردن بۆ بۆشایی، گێڕانەوەی لەدەستچوون بۆ جیهانێک کە بە بێ هەست بمێنێتەوە. وەک وەرگێڕێکی فەڵەستینی، هەمیشە بێدارم ئاخۆ وشەکانم چۆن پێشوازییان لێ دەکرێت، کۆشش دەکەم بۆ هاوسەنگی لە نێوان وتنی ڕاستیی و جەخت کردنەوە لە ئەوەی ئەو ڕاستییە ببیسترێت.
بەڵام وەرگێڕان کردەیەکی بێ لایەنانە نییە- بەڵکو ئاخنراوە لە توندوتیژی دەسەڵات. وەرگێڕە فەڵەستینییەکان بە تەنها بە وەرگێڕانی بەربەستە زمانەوانییەکان ڕەزامەند نابن؛ بەڵکو بەرامبەر بە ئەو پێکهاتەی زمان دەوەستنەوە کە بڕیار دەدەن ئاخۆ وشەکان دەبێت ببیسترێن، بشێوێنرێن، یان پشت گوێ بخرێن. خۆم بینیومە چۆن مانشێتە ئینگلیزییەکان بۆردومانکردنی کەمپی ئاوارەکان کورت دەکەنەوە بۆ "هێرشی ئاسمانی بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنیی"- ئەمە دەستەواژەیەکە کە بکەری تاوانەکە و بەرپرسیارێتی دەسڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەزانم کاتێک دادەنیشم بۆ وەرگێڕانی گەواهیدان یان کورتە چیرۆکێک لە زمانی عەرەبییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی، تەنها وەرگێڕان بۆ بۆشاییەکی بەتاڵ ناکەم؛ بەڵکو وەرگێڕان بۆ کلتورێک دەکەم کە تاوان بە ڕازاندنەوە و نکۆڵی کردن ڕەنگڕێژ دەکات. بەرداشی ئاکاریی ڕاستەقینە ئەمەیە: ئایا پابەندی تێکستە ڕەسەنە عەرەبییەکە بم، یان دەبێت لەگەڵ نەریتی لاموبالییانەی زمانی ئینگلیزییدا ڕووبەڕوو ببمەوە- نەریتێک کە پاسیڤبوونی بەلاوە پەسەندترە لە ڕووونیی، قوربانییبوونی بەلاوە پەسەندترە لە بەرخۆدان. ئەگەر دەنگەکە وەک خودی خۆی وەربگێڕم- دەنگێکی توڕە، تۆمەتبارکەر، کتومت- ئەوا مەترسی ئەوە هەیە وەرگێڕانەکە ڕەت بکرێتەوە چونکە لەڕادەبەدەر سیاسییە یان لەڕادەبەدەر لایەندارییە. بەڵام ئەگەریش وەرگێڕانەکە نەرم بێت، ئەوا پڕکێشیی دەکەم بە بەرهەمهێنانەوەی پێکهاتەی ئەو زمانەی کە لە بنەڕەتەوە بێدەنگی کردووین. وەک وەرگێڕ، لە بەرزەخی سەر هێڵێکی باریکی سڕینەوە و تۆمەتخستنەپاڵدا هاتووچۆ دەکەم- کۆشش دەکەم پاسەوانی ڕاستی بم لە زمانێکدا کە ئامادە نییە ئەو ڕاستییە وەک خۆی پێشوازی لێ بکات.
هەربۆیە، وجودی من لە ئەو دۆخەدایە کە دەبلیو.ئی.بی. دو بوا بە "هۆشیاریی دوو لایەنە" باسی دەکات- ئاگاییەک کە چۆن کەسێک لە چاوی جیهانەوە دەبینرێت، هاوشانی ئاگایی بە خودێکی ناوەکی کە جیهانێک هەیە نکۆڵی دەکات دانی پێدا بنێت. وەرگێڕە فەڵەستینییەکان لە دوو شوێندا نیشتەجێن، بەڵام لە هیچ یەکێک لە ئەو شوێنانەدا قبوڵ ناکرێن: وەرگێڕە فەڵەستینییەکان لە نزیکەوە یەکانگیربوونیان لەگەڵ جەنگدایە کە ناتوانن خۆیانی لێ دوورەپەرێز بگرن، لەلایەکی ترەوە وەرگێڕە فەڵەستینییەکان بەهۆی یاساکانی وەرگێڕانەوە دوور دەکەونەوە لە ئەزمونکردنی تەواوەتی ئەو ئازارەی کە فەڵەستینییەکان پێیادا تێدەپەڕن. لە وەرگێڕانی مەرگەساتی غەززەدا، وەرگێڕ دەبێت ئازارەکانی خۆی وەربگێڕێت، لە هەمان کاتیشدا وا لە ئەو ئەرکە سەختە بکات شیاوی خوێندنەوە بێت بۆ ئەو کەسانەی کە هەرگیز ناتوانن لە ئەو میحنەتە تێبگەن.
پرسیارەکە هەڵپەسێردراوەکە ئەوەیە: کێ گوێ دەگرێت؟ ئایا ئەم وشانە، کە بەناو سنورەکانی زمانەوانی و کلتورییدا دەبرێن، لە هیچ شوێنێک دەنیشنەوە لە دەرەوەی ژوورەکانی ئەو کەسانەی کە بە ئەم میحنەتە دەزانن و خەمی لێ دەخۆن؟ یاخود ئەم وشانە بەرخۆرانە وەک نمایشێک، وەک تراجیدیایەک دادەنرێن- کە ئەمەش زیادەیەکی ترە بۆ ئەرشیفی ئازارەکانی فەڵەستینییەکان کە جیهان بە چاوی بەزەییەوە، بەڵام بەبێ کردار، چاودێرییان دەکات. وەرگێڕە فەڵەستینییەکان دەست بە ئەو باوەڕەوە دەگرن کە هەتاوەکو وشەکان بمێنن، هەتاوەکو ناوەکان بوترێن و شیعرەکان بخوێنرێنەوە، ئەوا غەززە لەناونابرێت. بەڵام هێشتاش ترسەکە دەمێنێتەوە: ئایا جیهان ئامادەیە گوێ بگرێت، یاخود ئێمە تەنها قسە بۆ ژوورێکی بەتاڵ دەکەین کە پەژارە تیایدا دەنگ دەداتەوە؟
لە ماوەی جەنگی سەر غەززەدا، دەنگگەلێکم وەرگێڕاوە کە ئەگەر وەرنەگێڕدرانایە لەناوچووبوون- وشەگەلێک، کە ئەگەر تەنها بە زمانی عەرەبی هەبوونایە، ڕەنگە نەگەیشتنایە دەرەوەی ئەو وێرانەیەی کە لێیەوە سەرچاوەیان گرت. لە هەمان کۆبەرهەمدا کە چیرۆکی درەوشانەوەی عەززی کچێک دەگێڕێتەوە پێشئەوەی بە دوکەڵ خامۆش بکرێت، منداڵێک خەون بە خاوێن کردنەوەیەوە دەبینێت لە تەنیشت جلشۆری خێزانەکەیەوە. لە شیعرێکی فاتیمە حەسونەدا بە ناونیشانی "چیی دیکە هیچ خۆزگەیەکم بۆ خەون بینین نییە، هیچ خواستێکم بۆ شار نەماوە"، (لارغبةَ لي بالحلمِ الآن، ولا رغبةَ لي بالمدينة) گێرانەوەیەکی جیاواز دەخوێنینەوە- شیعرەکە لە نێوان سوریالیزم و حەقیقەتدا هاتووچۆ دەکات- کە بۆ کاروباری ئاشنای خێزانی و ترسی وجود. پاڵەوانی شیعرەکە، لە نێوان خەون و ئاگاییدا گیری خواردووە و سەراسیمەیە ئاخۆ فڕێ دەدرێتە ناو جلشۆرەکەوە، کە دایکی پڕی کردووە لە جل و بەرگ. پەرۆشی منداڵەکە ئەوەیە لە جەنگ پاکژ بکرێتەوە، وەک کراسێکی تەڕ بوو وشک بکرێتەوە. بەرائەتی منداڵانەی باوەڕبوون بە ئەوەی کە جلشۆرێک بتوانێت لە لەکەکانی جەنگ پاکژمان بکاتەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە تۆقێنەرە دەبێتەوە کە هیچ ئامێرێک، دەستی هیچ دایکێک، ناتوانێت ئەوە بگەڕێنێتەوە کە جەنگ بەرپای کردووە. بە کارکردن لە ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا، لە ململانێدا بووم لەگەڵ ئەم چەند دێڕەی کۆتاییدا: "جیهان، سەردەمانێک لە ناو دەستمدا زۆر بچوک بوو، لە نێوان پەنچەکانمەوە دەرپەڕی. لە هەندێک خەونمدا- نازانم کامەیان بوو- ئەو ژیانەم لەدەستچوو کە جاران دەمناسی." وەرگێڕانەکە هەر سەبارەت بە ئەوە نەبوو بتوانم وشەی دروست بدۆزمەوە، بەڵام گواستنەوەی ئەو سەختییە بوو کە ڕستەکە ڕەتی دەکردەوە دەری ببڕێت. پرسیارم لە خۆم کرد: ئایا زمانی ئینگلیزی دەتوانێت هێزی فیزیکیی زمانی عەرەبی، بە ئەو ڕێگەیەی کە زمانەکە داوای دەکات بەرجەستە بکات، بگوازێتەوە؟ ئایا ئەو خوازەیەی کە لە ڕستەکەدا بەکارهاتووە دەمێنێتەوە، یان دەتوێتەوە بۆ شتێکی لەڕادەبەدەر موجەڕەد و لەڕادەبەدەر دوور؟
کاتێک یەکەم جار ئەم بابەتەم بە زمانی ئینگلیزیی نوسی، فاتیمە حەسونە لە ژیاندا بوو. وشەکانی زایەڵەیان هەبوو، دەنگی لەناو شارە سوتاوەکەمانەوە بەرز دەبوویەوە، گەواهی دەدا و ڕەتی دەکردەوە بسڕێینەوە. بەڵام ئێستا، کە هەمان ئەم بابەتەی خۆم بۆ زمانی عەرەبی ئامادە دەکەم بۆ بڵاوکراوەی ئینکاونتەرز، وەرگێڕانەکە هاوشانی ئەو حەقیقەتە تاڵەیە کە فاتیمە لەلایەن ئیسرائیلی داگیرکارەوە کوژراوە. ئەم وەرگێڕانە چیی دیکە تەنها گواستنەوەیەکی زمانەوانییانە نییە؛ بەڵکوو بووە بە ئاوێنەیەک بۆ تراجیدییایەکی دووبارە بووەوە: لەناوبردنی کەسەکە لە کاتێکدا وشەکانی بە تەنها ماونەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سڕینەوە. ئەمە مانای ژیانی خەڵکی فەڵەستینە لە غەززە، ژیانێک کە نەک تەنها تارمایی لەدەستچوونی زمان هەڕەشەی لەسەرە، بەڵکو لەدەستچوونی بەردەوامیی خودی خۆمان، یەک لە دوای یەک. لە ئەم ڕۆژانەدا، سەبارەت بە فاتیمە دەنوسم. سبەینێ، ڕەنگە تەنها ئەم وشانەم بمێننەوە، ئاخۆ منیش هاوشێوەی فاتیمە دەکوژرێم. ڕەنگە ڕۆژێک، کەسێک خەم لە من بخوات، هەر وەک چۆن من ئێستا خەم بۆ فاتیمە دەخۆم، بە بێدەنگی، لە ناخەوە، لە دڵیکەوە کە ئاخنراوە بە قسە.1
ئەم چیرۆکانە بە تەنها ڕووداوەکانی جەنگ تۆمار ناکەن؛ ئەم چیرۆکانە پرسیارگەلێک ئاڕاستە دەکەن کە وەڵامیان نییە و ئازاریان لە ئێسکەکانی هەر ئاوارەیەکی فەڵەستینییدا هەیە. بۆ نمونە، پاڵەوانە گەڕۆکەکەی تێکستەکەی موحەمەد تەیسیر پرسیار دەکات، "ئایا هەرگیز غەززە هێندە قەشەنگ بووە؟" یاخود ئاوارەکان هەمیشە بەشەوقەوە باس لە ئەوە دەکەن کە لە دەستیان داوە؟ لە ئەم تێکستەدا، تەلیسمی وێنەی دژیەکی ژیانی تاراوگە دەکێشێت: لەدەستدانی شوێنێک ئەوەیە هێندە بەڕوونی بیبینیت کە هەرگیز ڕێگەی تێناچێت لە ئەو کاتەی کە تیایدا نیشتەجێی بە ئەو شێوەیە بیبینیت. بە هەمان شێوە، پاڵەوانە خاوەن خەونەکەی شیعرەکەی حەسونە- کە خەبەری دەبێتەوە خۆی لە شوێنێکی تردا دەبینێتەوە کە تیایدا ئاوارەیە- بەرجەستەکەری سوڕی ناکۆتای فڕین و گەڕانەوەیە، تامەزرۆی نیشتیمانێکە هەرگیز پێی ناگات. لە وەرگێڕانی ئەم چیرۆکانەدا، بە تەنها عەرەبیم بۆ ئینگلیزی ئاڵوگۆڕ پێ نەدەکرد- بەڵکو دەجەنگام دژ بە ئەو بەربەستە بنچینەییانەی کە قۆرغی ئەوەیان دەکرد ئاخۆ چ ئازارێکی فەڵەستینییەکان "ڕەزامەندی" لەسەرە. وەرگێڕانێک کە زۆر ڕەمەکییانە بێت، زۆر مرۆییانە بێت، زۆر ڕاستەوخۆییانە بێت، خۆی دەخاتە بەر مەترسی ئەوەی کە وەک چەلەحانێیەکی سیاسیی بەرکەنار بخرێت، بە پێچەوانەشەوە ئەو وەرگێڕانەی کە زۆر پاسیڤ بێت خۆی دەخاتە بەر مەترسی بەشداری کردن لە ئەو سڕینەوەیەی کە خودی کردەی وەرگێڕان دەیەوێت ڕێگری لێ بکات. ئەمە ئەو دژیەکییە ئەستەمەیە کە وەرگێڕە فەڵەستینییەکان گیرۆدەین: وەرگێڕانی ڕاستگۆییانە کە دەبێتە مایەی مەترسی کەنارکەوتن، یان وەرگێڕانی ستراتیجییانە کە دەبێتە مایەی مەترسی شێواندنی واتا.
دەگەڕێمەوە سەرەتا. نەک بۆ ئەو شوێنەی دەستم بە نوسینی ئەم بابەتە کرد، بەڵکو بۆ ئەو شوینەی کە هەر کردەیەکی وەگێڕانی فەڵەستینییەکان دەست پێ دەکات، لەگەڵ درک کردن بە ئەو ڕاستییە تاڵەی کە ڕەنگە جیهان هەرگیز بەڕاستی گوێ نەگرێت، هەروەها ئەو ڕەتکردنەوە ئازاربەخشەی کە نابێت ڕێگا بدەین بێدەنگی دوا پەیام بێت. وەرگێڕان لە غەززەوە وەک ڕۆشتنە بەسەر پردێکدا کە لە ڕستەسازیی بێ مانا و ژیانی تێکشکاوەوە دروست کرا بێت، لەگەڵ چیرۆکگەلێک لە ئەوە سەختترن بەرگەی هەڵگرتنیان بگرین و لە ئەوە پیرۆزتریشن دەستبەرداریان بین. وەرگێڕان لە غەززەوە گفتوگۆیە لەگەڵ ڕەشەبا کە بە دەگمەن وەڵام دەداتەوە، وەک چرپەی ناوە کە دەنگ دەداتەوە بە تەنها بۆ ئەو کەسانەی کە جەسارەتی قسەکردنیان لەگەڵیدا هەیە. بەڵام هێشتاش، قسە دەکەم. وەردەگێڕم، نەک لەبەرئەوەی بڕوام وابێت جیهان بگۆڕێت، بەڵکو لەبەرئەوەی وەرنەگێڕان مانای خۆبەدەستەوەدانە- وەرنەگێڕان واتە جاڕدان بۆ نەبوونی ئەو کچەی کە عەززییەکەی دەدرەوشایەوە، واتە ئەو دایکەی کە دەستی بە منداڵەکەیەوە لە بەشی سەکنی بارهەڵگری مەڕوماڵاتەکەدا دەگرت ڕاستیی نەبووە، واتە ئەو خۆزگەخواستنە نیگەرانکەرەی فاتیمە حەسونە بۆ ئەوەی پاکژ بێتەوە لە تاڵاوییەکانی جەنگ هەرگیز نەوترا بێت. ناتوانم ڕێگا بدەم ئەوە ڕوو بدات. ناتوانم ڕوخسەت بدەم وشەکانیان لەناو وێرنەدا نوقم بێت.
وەک دۆستۆیڤسکی دەڵێت، "لەناو هەزاران ئازاردا، من هەم." منیش لەناو ئەو ئازارانەدا هەم- نەک تەنها وەک شاهیدێک، بەڵکو وەک پەیامبەرێک. دەنگێک. ئەگەریش ئەو چیرۆکانەی دەیانگوازمەوە پێشوازییان لێ نەکرێت- ئەگەر کەمتەرخەمانە وەرگیران یان ڕەتکرانەوە- هێشتاش هەر دەیانگوازمەوە، چونکە خودی گێڕانەوەیان بەرخۆدانە. چونکە ناوهێنانی مردووەکان بەرخۆدانە دژ بە بزرکردنیان. لەبەرئەوەی تەنها ڕستەیەکیش سەبارەت بە غەززە بە زمانی ئینگلیزی بنوسیت بە مانای بەرەنگاربوونەوە دێت دژ بە ئەندازیارانی دروستکردنی کەمتەرخەمی لە جیهاندا. لەبەرئەوەی، هاوشێوەی یەکێک لە پاڵەوانە کچەکانی شانۆنامەکانی شەیکسپیر، دەزانم کە "زمانم توڕەیی دڵم بەیان دەکات. ئەگەر نا، بە شاردنەوەی، دڵم دەشکێت."
نازانم ئاخۆ جیهان بەڕاستی گوێ دەگرێت. نازانم ئاخۆ ئەم وشانە دەگەنە شوێنی مەبەست، هەر شوێنێک بێت لە دەرەوەی ئەو ژوورە خنکاوانەی مرۆڤگەلێک کە خۆیان دەمێکە خەم دەخۆن. بەڵام ئەمە دەزانم: ئەگەر چیرۆکەکانی غەززە لە چاوەڕوانی گواستنەوەدا بن بۆ پەڕینەوە لە تاریکستان، ئەوا دەیانگوازمەوە. ئەگەر نەوڕەسەکان لە چاوەڕوانی کەنارێکدا بن، ئەوا منیش بە نوسین بوونیان دەسەلمێنم.
